سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی پی بی ئێس دەڵێت "پێموایە دەرفەتێکی زۆر باشمان هەیە بۆ رێککەوتن. ئەگەر نەیکەین، دەگەڕێینەوە سەر رێگا کۆنەکەمان و هەموو شتێکیان بۆردوومان دەکەین".
چوار شەممە، ٦ ئایار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ گەشبینیی خۆی نیشاندا کە رەنگە پێش گەشتەکەی هەفتەی داهاتووی بۆ چین، رێککەوتن لەگەڵ ئێران واژۆ بکرێت و رایگەیاند "یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران رەوانەی ئەمریکا دەکرێت و تاران بەڵێنی داوە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ژێرزەوی بۆ ماوەیەکی درێژ بەکارنەهێنێت، ئێمە زۆر نزیکین. ئەگەر رێکبکەون هەمو شتێک کۆتایی دێت".
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی رۆڵی چین و بانکەکانی ئەو وڵاتە لە کڕینی نەوتی ئێران، ئەگەر رێککەوتنەکە بکرێت، باسی لەوەکرد سزاکان سوک دەکەن و ئیتر پێویست بە سزادانی بانکەکانی چین ناکات و وتی "رەنگە پێش گەشتەکەم بۆ چین رێککەوتنەکە تەواو بێت، ئەوە دۆخێکی نمونەیی دەبێت".
رۆژی ٢٨ شوبات ٢٠٢٦، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن و هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و لە ٨ نیسانەوە ئاگربەست راگەیاندراوە و لە ١٣ نیساندا ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر گەرووی هورمز.