بۆ یەکەمجار نامەی خۆکوژی ئێپستین بڵاوکرایەوە

نامەیەک کە دەوترێت لەلایەن جێفری ئێپستین، تۆمەتباری سەرەکی تۆڕێکی بەرفراوانی سێکسی، هەفتەیەک پێش مردنی لە ناو زیندان نووسراوە، بە بڕیاری دادوەرێکی فیدراڵی لە نیویۆرک بڵاوکرایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی CNN، دادوەرێکی فیدراڵی ئەمریکا نامەیەکی خستە بەردەست ڕای گشتی کە وەک "دوانامەی خۆکوژی" جێفری ئێپستین وەسف دەکرێت.

ئێپستین لەو نووسینەدا دەڵێت: "سەرەڕای چەندین مانگ لێکۆڵینەوە، هیچ شتێک نەدۆزرایەوە. چیتان لە من دەوێت؟ دەست بکەم بە گریان و پاڕانەوە؟ ئەوەی بتوانیت کاتی ماڵاواییکردنت خۆت هەڵبژێریت، بەخشیشێکی گەورەیە".

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەم نامەیە لەلایەن «نیکۆلاس تارتالیۆن»، هاوژوورەکەی ئێپستاین، دوای یەکەم هەوڵی سەرنەکەوتووی بۆ خۆکوشتن دۆزراوەتەوە.

ئەم بەڵگەنامەیە ساڵانێک لە چوارچێوەی دۆسیەی تاوانکاریی تارتالیۆن بە نهێنی لە دادگادا هێڵرابووەوە، تا دواجار لەسەر داوای ناوبراو بۆ لادانی نهێنییەکەی، بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرا.

بەڵام میدیاکانی ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تا ئێستا بە یەکجاری ئەم دەستنووسە و ئەوەی کە ئێپستین نوسیبێتی، بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

گیانلەدەستدانی ئێپستین وەک خۆکوشتن هەژمار کرا، بەڵام بوونی چەندین کەلێنی ئەمنی لە زیندانەکە و دیارنەمانی دیمەنی کامێراکانی چاودێری، گومانیان خستە سەر گێڕانەوە فەرمییەکە.

لە کۆتایی مانگی تەممووزی ٢٠١٩دا، ئێپستین بە برینداری لە زیندانەکەیدا دۆزرایەوە، کە بەرپرسان وەسفیان کرد بە هەوڵێکی شکستخواردووی خۆکوشتن. بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە نامەکە پێش ئەو ڕووداوە نووسرابێت و لەناو ڕۆمانێکی وێنەییدا دانرابێت.

ئێپستین ناسراو بوو بە نزیکی لە چەندین ئەستێرە و سیاسەتمەدار لە سەرانسەری جیهاندا، کە تۆمەتبار کران بە تێوەگلان لە تۆڕێکی لەشفرۆشی بە کچانی نەوجەوانەوە کە دوای کاروانەکەی لە جیهانی دارایی و کۆکردنەوەی سامانێکی زۆر دایمەزراندبوو.

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە ٦ی تەممووزی ٢٠١٩ بەبێ کەفالەت دەستگیریان کرد، و لە ١٠ی ئابی ٢٠١٩ بە مردوویی لە زیندانەکەیدا دۆزرایەوە.

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ چەندین ساڵ هاوڕێی ئێپستین بووە، بەڵام پەیوەندی نێوانیان نزیکەی دوو دەیە لەمەوبەر ئاڵۆزی تێکەوت، ترەمپیش جەختی لەوە کردەوە کە ناکۆکی نێوانیان چەند ساڵێک پێش ئاشکرابوونی تاوانەکانی ئێپستین ڕوویداوە.

لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی دادی ئەمریکا ملیۆنان بەڵگەنامەی پەیوەندیدار بە کەیسەکەی بڵاوکردەوە، بەپێی یاسایەک کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەرچووە و تێیدا بڕیاردراوە بە بڵاوکردنەوەی سەرجەم تۆمارە پەیوەندیدارەکان بە ئێپستین، ئەمەش مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ناوەندەکانی ئەمریکادا دروستکرد.




PM:02:12:07/05/2026