دواجار پزیشکیان لەگەڵ موجتەبا خامنەیی کۆبووەوە

بە پێی هەواڵی ئاژانسی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار ڕایگەیاندووە بەم دواییانە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کۆبووەتەوە.

بە وتەی پزیشکیان کۆبوونەوەکەی لەگەڵ خامنەیی لە کەشێکی پڕ لە سادەیی و دۆستایەتییەکی قووڵدا بەڕێوەچووە.

موجتەبا خامنەیی لەو کاتەوەی وەک جێگرەوەی باوکی، عەلی خامنەیی، دەستبەکاربووە، بەشداریی له‌ هیچ مەراسمێکی گشتیدا نەکردووە؛ عەلی خامنەیی لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوودا، لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا تیرۆر کرا.

پێدەچێت ڕێبەری باڵای نوێ، لە هەمان ئەو هێرشەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی باوکی و پێنج ئەندامی خێزانەکەی، بە سەختی بریندار بووبێت.

مانگی رابردوو، رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز، له‌ زاری بەرپرسە باڵاکانی ئێرانه‌وه‌، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، خامنەیی سێ نەشتەرگەری لە قاچیدا بۆ ئەنجامدراوە و بڕیارە قاچێكی دەستکردی بۆ دابنرێت.

هەروەها نەشتەرگەرییەک بۆ یەکێک لە دەستەکانی ئەنجامدراوە کە خەریکە وردە وردە توانای جوڵەی بۆ دەگەڕێتەوە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە دەموچاو و لێوەکانی، تووشی سووتانی سەخت بوون و تا ئێستاش لە قسەکردندا کێشەی هەیە، لە داهاتووشدا پێویستی بە نەشتەرگەریی جوانکاری دەبێت؛ بەڵام بەپێی سەرچاوەکان، لە ڕووی ژیری و هۆشمەندییەوە تەواو ئامادەیە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، خامنەیی نایەوێت بە لاوازی دەربکەوێت، هەر لەبەر ئەوەشە تا ئێستا هیچ پەیامێکی دەنگی یان ڤیدیۆیی تۆمار نەکردووە و هەموو بەیاننامەکانی پێشووی بە نووسراو بوون.

لە ئێستاشدا خامنەیی به‌هۆی كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ سه‌لامه‌تی و برینداربوونه‌كه‌ی و سه‌ختی گه‌یشتن به‌ خودی خۆی، هه‌مو دەسەڵاتی بڕیاردانی بەخشیوە بە جەنەڕاڵە ئێرانییەکان.




PM:04:47:07/05/2026