ئاژانسی تەسنیم هەواڵێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "دوای هێرشی سوپای ئەمریکا بۆ سەر تانکەرێکی ئێرانی، یەکەکانی دووژمن لە گەرووی هورمز بوونە ئامانجی مووشەکەکانی ئێران و دوای ئەوەی زیانیان بەرکەوت، ناچار بە هەڵاتن کران".
هەینی، ٨ ئایار ٢٠٢٦، لە هەواڵەکەدا هاتووە "٣ کەشتیی تێکشکێنەری ئەمریکی لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە لە نزیک گەرووی هورمز، بە مووشەک و درۆن هێرشیان کراوەتە سەر".
لەلایەکی ترەوە ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە کە "ئەمریکا بە پێشێلکردنی ئاگربەست، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانییان لە کاتی گەشتکردنی لە ئاوەکانی جاسەکەوە بەرەو تەنگەی هورمز کردووەتە ئامانج، جگە لەو کەشتییە، کەشتییەکی دیکە لە بەرامبەر بەندەری فوجەیرەی ئیمارات لە کاتی چوونە ناو تەنگەی هورمز کراوەتە ئامانج".
وتەبێژەکەی قەرارگەی خاتەمولئەنبیا دەشڵێت "هێزە چەکدارەکانمان دەستبەجێ و وەک وەڵامدانەوەیەک، هێرشیان کردووەتە سەر چەند کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز و باشووری بەندەری چابەهار، زیانی زۆر و بەرچاویان پێگەیاندوون".
هاوکات، فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە "سوپای ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر بەندەری قیشم و بەندەر عەباس لە ئێران".