سێنتکۆم: بەدوای زیادکردنی گرژییەکانەوە نین و لە ئامادەباشی تەواوداین


فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیاندراوێکی لە بارەی گرژەییەکانی ئەم شەوی گەرووی هورمزەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت "بەدوای زیادکردنی گرژییەکانەوە نین، بەڵام لە ئامادەیی تەواوداین بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە ناوچەکەدا".

هەینی ٨ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەی سێنتکۆمدا هاتووە "رۆژی 7ـی ئایار، کاتێک کەشتییە تێکشکێنەرە مووشەک هاوێژەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا USS Truxtun، USS Rafael Peralta و USS Mason خەریکی رۆیشتن بوون بە رێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتی لە گەرووی هورمزەوە بەرەو دەریای عومان، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر".

سێنتکۆم وتوشیەتی "هێزەکانی ئێران چەندین مووشەک، درۆن و بەلەمی خێرایان لە دژی کەشتییە ئەمریکییەکان بەکار هێناوە، بەڵام هیچ کام لە کەشتییەکان نەپێکراون و زیانیان بەرنەکەوتووە".

بە پێی راگەیاندراوەکەی سێنتکۆم "هێزەکانمان وەک بەرگری لە خۆیان، چەندین پێگەی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرس بوون لە هێرشەکان، لەوانەش شوێنی هاویشتنی مووشەک و درۆن، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و بنکەکانی چاودێری و هەواڵگری".

لای خۆشیەوە سوپای پاسداران راگەیاندراوێکی بەپەلەی بڵاوکردوەتەوە و رایگەیاند "دوای ئەوەی سوپای تێرۆریستی ئەمریکا ئاگربەستی پێشێلکرد و هێرشی کردە سەر نەوتهەڵگرێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک بەندەری جاسک، هێزەکانمان وەڵامیان داوەتەوە".




AM:01:04:08/05/2026