نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند'' تاکە ڕێگەچارە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی گەرووی هورمز و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە بریتییە لە ڕاگرتنی یەکجاریی شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان''
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی بێ مەرجی هاتوچۆی کەشتییەکان و دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی بەو مەرجەی لایەنە بەرانبەرەکان گەرەنتی کۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە ململانێ سەربازییەکان بدەن.
نوێنەری ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەو ڕێکارە ئەمنیانەی تاران لە ماوەی ڕابردوودا لە گەرووی هورمز گرتوویەتیە بەر تەنها لە چوارچێوەی مافی بەرگری لە سەروەری خاک و ئاسایشی نیشتمانی بووە و هاوتایە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ئیرەوانی هۆشداری دا کە بەردەوامیی جەنگ و گەمارۆکان تەنها ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکەن و ڕێگری دەکەن لەوەی ناوچەکە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی و جووڵەی وزە و بازرگانی جیهانی بە سەلامەتی بەردەوام بێت.
ئەم پەیامە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن چڕ بوونەتەوە و واشنتن و تاران لە ڕێگەی ناوبژیوانەکانەوە خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازەکانن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.