عەباس ئێراقچی هۆشداری دەداتە واشنتن

 وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکی تونددا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە هۆشداری دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەر سەرکێشییەکی سەربازی نوێ.

عەباس ئێراقچی، ڕایگەیاند'' ئێرانییەکان هەرگیز لە ژێر فشاری واشنتندا سەر دانانەوێنن، ئێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە دیپلۆماسی هەمیشە دەبێتە قوربانی تاکتیکە کوێرەکانی ئەمریکا و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە ئامادەباشییەکی بێوێنەدایە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هێرشێک کە بکرێتە سەر خاک و گەلەکەی.''

وەزیری دەرەوەی ئێران بە توندی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (CIA)ی ڕەتکردەوە کە باسیان لە کەمبوونەوەی توانای سەربازی وڵاتەکەی دەکرد و ڕایگەیاند'' دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون.''

عەباس ئێراقچی ئاشکرای کرد کە کۆگای مووشەکی و توانای هەڵدانی مووشەکەکانمان بەراورد بە پێش دەستپێکی جەنگ لە ئاستی ٧٥٪دا نییە بەڵکو ئێستا گەیشتووەتە ١٢٠٪ و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە نەک تەنها لاواز نەبوون بەڵکو تواناکانیان بۆ بەرپەرچدانەوە چەند هێندە کردووە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا عەباس ئێراقچی هۆشداری دایە دۆناڵد ترەمپ کە نەکەوێتە داوی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت ئەمریکا کێشی ناو "زۆنگاوێکی نوێ" بکەن و جەختی کردەوە کە ئاستی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ بەرگری لە گەلەکەی گەیشتووەتە هەزار لە سەد.

تاران بەم پەیامە دەیەوێت ئەو پەیامە بە واشنتن بگەیەنێت کە هەرچەندە دەرگای دیپلۆماسی کراوەیە بەڵام لە ئەگەری شکستی دانوستانەکاندا هێزی سەربازی ئێران لەوپەڕی توانای خۆیدایە و ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر تاقیکردنەوەیەکی سەربازییە لە ناوچەکەدا.



PM:04:35:08/05/2026