فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند'' فڕۆکە جەنگییەکانیان لە جۆری "سوپەر هۆرنێت" هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی لە دەریای عومان و پەکخستوویانن.''
ئەم هێرشە دوای ئەوە هات کە کەشتییەکان هەوڵیان دابوو بچنە ناو بەندەرێکی ئێران و گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا پێشێل بکەن، هاوکات ئاژانسی هەواڵی فارسی نزیک لە سوپای پاسداران پشتڕاستی کردەوە کە لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا پێکدادانی سەربازیی پچڕپچڕ لە نێوان کەشتییە جەنگییەکانی هەردوولا لە گەرووی هورمزدا ڕوویداوە.
بەپێی ئامارە نوێیەکانی سێنتکۆم هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو ئێستا ڕێگرییان لە زیاتر لە ٧٠ کەشتی کردووە کە بڕی ١٣ ملیار دۆلار نەوتی ئێرانیان هەڵگرتووە و گەمارۆکە بووەتە هۆی پەکخستنی گواستنەوەی ١٦٦ ملیۆن بەرمیل نەوت، فەرماندەیی ناوەندی ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە ٥٠ کەشتیی تری بازرگانییان ناچار کردووە ئاراستەی گەشتەکانیان بگۆڕن تاوەکو نەکەونە ژێر کاریگەریی گەمارۆکان و توندوتیژییە سەربازییەکان، ئەمەش نیشانەی توندتربوونی گەمارۆ دەریاییەکەی واشنتنە بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی تاران.
ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم جەختی کردەوە، هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پابەندی تەواوی جێبەجێکردنی گەمارۆکانن و ڕێگە بە هیچ کەشتییەک نادەن بەبێ مۆڵەت بچێتە ناو ئێران یان لێی دەربچێت، ئەم لێدوانانە هاوکاتە لەگەڵ پەکخستنی کەشتییەکی دیکەی ئێرانی بە ناوی "حەسنا" لە ڕێگەی تۆپی فڕۆکە جەنگییەکانەوە کە بووەتە هۆی لەکارکەوتنی ئامێری ئاراستەکردنی کەشتییەکە، ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگ لە لوتکەدان و مەترسیی پێکدادانی گەورەتر لە ناوچە ئاوییەکاندا بەردەوامە.