وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ڕایگەیاند'' سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانیویەتی دوو مووشەکی بالیستی و سێ درۆنی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەکە تێکبشکێنێت و بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی مووشەکەکانیشەوە سێ کەس تووشی برینی مامناوەند بوون.''
ئەم هێرشە نوێیە لە کاتێکدایە کە ئیمارات وەک هاوپەیمانێکی نزیکی واشنتن لە سەرەتای جەنگەکەوە بووەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی تاران و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بەندەری فوجەیرە و تانکەرەکانی کۆمپانیای ئادنۆک ڕووبەڕووی هێرشی هاوشێوە بوونەتەوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە کۆتایی مانگی شوبات تاوەکو ئێستا توانراوە پێنجسەد و پەنجاو یەک مووشەکی بالیستی و بیست و نۆ مووشەکی کروز لەگەڵ زیاتر لە دوو هەزار درۆنی ئێرانی تێکبشکێندرێن.
ئەم داتایانە قەبارەی ئەو فشارە سەربازییە گەورەیە نیشان دەدەن کە خراوەتە سەر ژێرخانی ئیمارات و جەخت لەسەر کارایی سیستمە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە دەکەنەوە لە پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکە و کەمکردنەوەی زیانەکان.
حکومەتی ئیمارات ئاشکرای کردووە کە بەهۆی ئەم ململانێیە سەربازییانەوە تاوەکو ئێستا سێزدە کەس گیانیان لەدەستداوە کە دە کەسیان هاووڵاتی مەدەنین و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە دووسەد و سی کەس.