وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە یەکەمین بەشی ئەو دۆسیە نوێیانەی بڵاوکردووەتەوە کە پێشتر بڵاونەکراونەتەوە و پەیوەستن بە "دیاردە نامۆ و نەناسراوەکان" (UAP)، ئەمەش لە هەنگاوێکدا کە وەک بەشێک لە دەسپێشخەرییەکی فراوانتر بۆ بەهێزکردنی شەفافییەت و خستنەبەردەستی زانیارییەکان بۆ ڕای گشتی وەسفکراوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەڵگەنامە نوێیەکان؛ کەرەستەی بینراو (ڤیدیۆ و وێنە) و نووسراو لەخۆدەگرن، بە شێوەیەکی پلەبەندی لە ڕێگەی ماڵپەڕی تایبەت بە WAR.GOV/UFO بڵاودەکرێنەوە، و لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر چەند هەفتەیەکدا دۆسیەی زیاتر لە ژێر باری نهێنی دەردەهێنرێن و بڵاودەکرێنەوە.
بەپێی بەیاننامەکە، ئەم بڵاوکردنەوەیە ئەنجامی هەماهەنگی نێوان چەندین لایەنی حکومەتی ئەمریکایە، لەوانە: کۆشکی سپی، نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی، وەزارەتی وزە، نووسینگەی چارەسەرکردنی دیاردە نامۆکانی سەر بە پێنتاگۆن (AARO)، ئاژانسی ناسا، و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI).
وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپە سەبارەت بە ئاشکراکردنی دۆسیە حکومییەکانی پەیوەست بە دیاردە ئاسمانییە نادیارەکان و خستنەبەردەستیان بۆ خەڵک بەبێ ئەوەی پێویستیان بە مۆڵەتی ئەمنی هەبێت.
پیت هێگسێت، وەزیری (جەنگ)، ڕایگەیاند کە ئیدارەی ئێستا پابەندە بە "شەفافییەتێکی بێپێشینە" لەم دۆسیەیەدا. هاوکات جارێد ئایزاکمان، بەڕێوەبەری ناسا، جەختی کردەوە کە ئاژانسەکە بەردەوام دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ داتاکان بە جۆرێک کە هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان ئەوەی لە ڕووی زانستییەوە سەلمێنراوە و ئەوەی هێشتا لە قۆناغی تێگەیشتندایە.
ئەم ئاشکراکردنە نوێیە لە کاتێکدایە کە بایەخی ئەمریکا بۆ دۆسیەی تەنە فڕیوە نەناسراوەکان و دیاردە نادیارەکان نوێ بووەتەوە، ئەمەش لە نێوان داواکارییە بەردەوامەکانی کۆنگرێس بۆ زیادکردنی زانیارییە فەرمییەکان دەربارەی ئەو بینین و ڕاپۆرتانەی کە لەم بارەیەوە هەن.