بەرپرسێکی نووسینگەی ڕابەری باڵای ئێران زانیاری نوێ لەسەر برینداربوونی موجتەبا خامنەیی ئاشکرا دەکات

مەزاهیر حسێنی، بەرپرسی پرۆتۆکۆلی نووسینگەی ڕابەری باڵای ئێران لە میانی بەشداریکردنی لە گردبوونەوەیەکی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیدا ڕایگەیاند'' موجتەبا خامنەیی لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی ڕێبەرایەتی بریندار بووە.''

حسێنی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی بۆردومانەکەوە موجتەبا خامنەیی کەوتووەتە سەر زەوی و پشتی و ئەژنۆ و پشتی گوێچکەی کەمێک بریندار بوون بەڵام ئێستا تەندروستی تەواو باشە و برینەکانی بەرەو ساڕێژبوون دەچن.

بەرپرسەکەی نووسینگەی ڕابەر بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لە هەبوونی برین لە دەموچاوی موجتەبا خامنەییدا دەکەن و جەختی کردەوە کە تەنیا برینێکی بچووک لە پشتی گوێچکەیدا هەیە کە بەهۆی بەستنی مێزەرەکەیەوە دیار نییە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە هەفتەی ڕابردوو چاوی بە کەسانی نزیک کەوتووە و هیچ شوێنەوارێکی برینداری لە دەموچاویدا نییە و ئەو قسانەی دوژمنان بڵاوی دەکەنەوە دوورن لە ڕاستییەوە و تەنها مەبەست لێی بەدەستهێنانی وێنە و ڤیدیۆیە تاوەکو لە دژی بجوڵێنەوە.

مەزاهیر حسێنی دڵنیایی دایە لایەنگرانی ڕژێمەکە و داوای لێکردن ئارام بگرن چونکە موجتەبا خامنەیی لە کاتێکی گونجاودا دەردەکەوێت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ قسە بۆ گەل دەکات.

ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە دوای هێرشە ئاسمانییەکان گومانێکی زۆر لەسەر بارودۆخی تەندروستی بەرپرسانی باڵای ئێران هەبوو و تاران دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم لێدوانانەوە کۆنترۆڵی جەنگی دەروونی بکات و سەقامگیریی ناوخۆیی و پەیامی بەهێزیی سەرکردایەتی وڵاتەکەی بپارێزێت.



PM:04:18:09/05/2026