ئیمارات و قەتەر بەرەوڕووی هێرشی درۆنی دەبنەوە

وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند'' هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان توانیویانە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێکبشکێنن.''

لە هەمان کاتدا هۆشدارییان داوە کە لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەروەری دەوڵەت بکاتە ئامانج و جەختیشیان کردووەتەوە کە بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە کە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە بێت.

سەبارەت بە زیانەکان و ئامارە گشتییەکان ئیمارات ئاشکرای کردووە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە ئاشکراکانی ئێرانەوە تا ئێستا بەرگرییە ئاسمانییەکانیان مامەڵەیان لەگەڵ زیاتر لە پێنج سەد موشەکی بالیستی و نزیکەی سێ هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کرۆزدا کردووە کە بەهۆیانەوە تا ئێستا دە مەدەنی و دوو سەرباز و گرێبەستێکی مەغریبی شەهید بوون و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە دوو سەد و سی کەس لە ڕەگەزنامە جیاوازەکانی وەک عێراقی و میسری و هیندی و لوبنانی و چەندین نەتەوەی دیکە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕایگەیاندووە کە کەشتییەکی بارهەڵگری بازرگانی کە لە ئەبوزەبییەوە بەرەو بەندەری مەسەعید بەڕێکەوتبوو لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی وڵاتەکەیدا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج و هەرچەندە هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە ناو کەشتییەکەدا بەڵام توانراوە کۆنترۆڵ بکرێت و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و کەشتییەکەش دوای ڕووداوەکە توانیویەتی درێژە بە گەشتەکەی بدات.



PM:07:58:10/05/2026