سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە و چارەنووسساز لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری و تیمی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی بژاردە سەربازییەکان دژی تاران چونکە وەڵامی فەرمیی ئێران بۆ پڕۆژەی ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەلایەن واشنتۆنەوە وەک وەڵامێکی نەرێنی و "قبووڵنەکراو" بینراوە و ترەمپیش بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە وەڵامەکەی تارانی بە دڵ نییە و پاشەکشەیان لە بەڵێنەکانی پێشوویان کردووە.
لە کاتێکدا تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران پێشنیازەکەی ئەمریکا بە "تەسلیمبوون" ناودەبات سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە ڕێگە نادات تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئاگربەستی ئێستا زۆر لەرزۆکە چونکە تاران لە مەرجی ڕادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە پاشەکشەی کردووە هەر بۆیە ئێستا ترەمپ بە جددی بیر لەوە دەکاتەوە فشارەکان توندتر بکات و وەک بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن دەیەوێت "کەمێک ئازاری ئێران بدات" تاوەکو ناچاریان بکات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و سازش بکەن.
بەپێی زانیارییەکان سێ بژاردەی سەرەکی لەسەر مێزی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆن کە بریتین لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز و بۆردومانکردنی ئەو ٢٥٪ی ئامانجە سەربازییانەی کە تاوەکو ئێستا نەیانپێکاون هەروەها بژاردەی سێیەم کە توندترینیانە و لەلایەن ئیسرائیلەوە فشاری بۆ دەکرێت ناردنی هێزی تایبەتە بۆ ناو خاکی ئێران بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆم بەڵام ترەمپ بەهۆی مەترسیی گەورەی بژاردەی کۆتاییەوە تاوەکو ئێستا دوودڵیی نیشانداوە.