قالیباف هۆشداری توند دەداتە ئەمریکا: بۆ هەموو بژاردەکان ئامادەین و تووشی سەرسوڕمان دەبن

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی هەڕەشەئامێزدا وەڵامی تحەدییەکانی ئەمریکای دایەوە و ڕایگەیاند” هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ وانەدان بە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکەکەیان چونکە بڕیارە هەڵەکانی واشنتۆن و ئیسرائیل هەمیشە ئەنجامی هەڵەیان دەبێت و پێویستە جیهان لەوە تێبگات کە تاران بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەکاری کردووە و لە کاتی هەر هێرشێکدا نەیارەکانیان تووشی سەرسوڕمان دەکەن.” 

ئەم پەیامەی محەمەدباقر قالیباف، لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن گەیشتوونەتە لووتکە و هەردوولا هێزی سەربازیی زۆریان لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز کۆکردووەتەوە بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وەڵامی پێشنیازەکەی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ڕەتکردەوە و بە "قبووڵنەکراو" وەسفی کرد کە ئەمەش وایکردووە ئاسۆی چارەسەری دیپلۆماسی بەرەو نادیار بڕوات.

قالیباف جەختی لەوە کردووەتەوە کە ستراتیژییەکانی ئەمریکا بۆ چۆکدانان بە ئێران شکستیان هێناوە و تاران ئامادە نییە لە ژێر فشاردا سازش لەسەر مافە سەرەکییەکانی بکات هەربۆیە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا پێیان ناوەتە قۆناغێکی نوێی مەترسیدار کە تێیدا زمانی هەڕەشەی سەربازی جێگەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکانی گرتووەتەوە و هەردوولا چاوەڕێی هەنگاوی داهاتووی یەکتر دەکەن.




PM:11:14:11/05/2026