ئێران تۆمەتەکانی کوەیت رەتدەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی راگەیەندراوەکەی کوەیتی دایەوە و رایگەیاند، کە ئەو چوار کەسەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کوەیتەوە دەستگیرکراون، بەهۆی تێکچوونی سیستەمی کەشتیوانییەکەیانەوە بە هەڵە چوونەتە نێو ئاوەکانی کوەیت.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی سێشەممە ١٢ـی ئایاری ٢٠٢٦، بە فەرمی ئەو تۆمەتانەی حکومەتی کوەیتی رەت کردەوە کە باسیان لە پلانی ئێران بۆ ئەنجامدانی "کردەوەی دوژمنکارانە" دەکرد. تاران ئەو بانگەشانەی بە "بێ بنەما" و "پڕوپاگەندەی سیاسی" وەسف کرد.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، کە ئەو چوار کەسە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بوون و لە چوارچێوەی ئەرکێکی ئاسایی گەڕانی دەریاییدا بوون. ئێران جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی تێکچوون و کێشە لە سیستەمی کەشتیوانی، بەلەمەکەیان ئاراستەی خۆی ون کردووە و بە هەڵە چووەتە ناو ئاوەکانی کوەیت، نەک بە مەبەستی دزەکردن یان تێکدان.

ئەم وەڵامەی ئێران دوای ئەوە دێت وەزارەتی ناوخۆی کوەیت، هەر ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکە توانیویانە چوار ئەندامی سوپای پاسداران دەستگیر بکەن کە لە رێگەی دەریاوە دزەیان کردووەتە ناو سنوورە ئاوییەکانی کوەیت.




PM:11:27:12/05/2026