ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی رۆژئاوا و دوو بەرپرسی
ئێرانی ئاشکرایدەکات کە سعودیە وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی تاران، چەندین هێرشی سەربازیی
رانەگەیەندراوی کردووەتە سەر ئێران.
ئەم هێرشانەی سعودیە پێشتر هەواڵیان بڵاونەکرابووەوە، بە یەکەمین
کردەوەی سەربازیی راستەوخۆی ئەو وڵاتە لە ناو خاکی ئێراندا دادەنرێت. ئەم هەنگاوە
ئەوە دەردەخات کە سعودیە "لە بەرگریی کردن لە خۆی بەرامبەر رکابەرە هەرێمییە
سەرەکییەکەی، بوێرتر بووە."
بەرپرسە رۆژئاواییەکان بۆ ڕۆیتەرز ئاشکرایان کردووە، هێرشەکان
لەلایەن هێزی ئاسمانی سعودیەوە لە کۆتایی مانگی ئاداردا ئەنجامدراون. یەکێکیان
ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمانە تەنیا "لێدانی بەرامبەر بوون لە وەڵامی بۆردومانکردنی
سعوودیەدا." تا ئێستا ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ناسنامەی ئامانجە دیاریکراوەکان پشتڕاست
بکاتەوە.
لە وەڵامی داواکارییەکدا بۆ لێدوان، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی
دەرەوەی سعودیە بە شێوەیەکی راستەوخۆ باسی ئەوەی نەکرد، ئایا هێرشەکان ئەنجامدراون
یان نا. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان نەدایەوە.
بەرپرسانی ئێرانی و رۆژئاوا دەڵێن؛ سعودیە ئێرانی لەو هێرشانە
ئاگادار کردووەتەوە، و دوای ئەوە پەیوەندی دیپلۆماسی چڕ و هەڕەشەی سعوودیە بۆ وەڵامدانەوەی
زیاتر هاتووەتە ئاراوە، ئەمەش بووەتە هۆی لێکگەیشتنێک لە نێوان هەردوو وڵات بۆ هێورکردنەوەی
دۆخەکە.
ئامارەکانی وەزارەتی بەرگریی سعودیە کەڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە
نیشانی دەدەن، هێرشە درۆنی و موشەکییەکان بۆ سەر سعودیە لە ١٠٥ هێرشەوە لە هەفتەی
کۆتایی ئاداردا، کەمبووەتەوە بۆ ٢٥ هێرش لە هەفتەی یەکەمی نیساندا. سەرچاوە رۆژئاواییەکان
دەڵێن؛ ئەو هێرشانەی دوایی لە ناو خاکی عێراقەوە بوون نەک ئێران، ئەمەش ئاماژەیە بۆ
ئەوەی تاران هێرشە راستەوخۆکانی کەمکردووەتەوە.