سێنتکۆم راپۆرتی مانگێکی گەمارۆکانی سەر گەروی هورمز بڵاودەکاتەوە


فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) راپۆرتێکی سەبارەت بە گەمارۆی سەر گەرووی هورمز لە ماوەی مانگێکدا بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوام دەبێت و هێزەکانمان لەو پەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە بیەوێت گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران بشکێنێت".

چوار شەممە، ١٣ ئایار ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەی سێنتکۆمدا هاتووە "ماوەی چوار هەفتەیە ئەمریکا گەمارۆیەکی چڕی خستووەتە سەر هەموو ئەو کەشتییانەی دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دێنە دەرەوە، بۆ زامنکردنی جێبەجێکردنی گەمارۆکە، هێزێکی گەورەمان لە ناوچەکەدا کۆکردووەتەوە کە پێکدێت لە زیاتر لە ١٥ هەزار سەرباز، ٢٠٠ فڕۆکەی جەنگی و چاودێری و ٢٠ کەشتیی جەنگیی گەورە".

سێنتکۆم ئاشکرای کردووە کە تاوەکو ئێستا "ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون ٦٧ کەشتی بازرگانی، دوای هۆشداریی هێزە ئەمریکییەکان، ناچارکراون ئاراستەی خۆیان بگۆڕن و پابەندی گەمارۆکە بن، ١٥ کەشتی مرۆیی، تەنیا ئەو کەشتیانەی هاوکاریی مرۆییان هەڵگرتبوو، رێگای تێپەڕبوونیان پێدراوە و ٤ کەشتی کە نەیانویستووە پابەندی ڕێنماییەکان بن، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە مەبەست پەکخراون و لە جووڵە وەستێنراون".

"سەرەتای ئەم هەفتەیە، هێزەکانمان دوو کەشتی دیکەی بازرگانییان ناچار بە گەڕانەوە کردووە. دوای ئەوەی کەشتییەکان وەڵامی پەیوەندییە رادیۆییەکانیان نەدابووەوە، هێزەکانمان بە چەکی سووک تەقەی هۆشدارییان بەسەردا کردوون، کە ئەمەش وای کردووە کەشتییەکان دەستبەجێ پاشەکشە بکەن"، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا وا دەڵێت.

دوای ئەوەی لە ٨ نیسان ٢٠٢٦ لە ڕێگای ئاگربەستەوە کۆتایی بە جەنگی ٣٨ ڕۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هات، لە ١٣ نیساندا ئەمریکا گەمارۆی گەرووی هورمزی دا و تا ئێستا بەردەوامە. 




PM:08:10:13/05/2026