ئێراقچی: متمانەمان بە ئەمریکا نییە و واشنتۆن پەیامی دژبەیەک دەنێرێت

وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی "بریکس" لە هیندستان ڕایگەیاند'' تاران هیچ متمانەیەکی بە  ئەمریکا نییە و تا ئەو کاتەی واشنتۆن لە گفتوگۆکاندا جدی نەبێت، ئەوان ئارەزووی دانوستان ناکەن.''

عەباس ئێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمریکا ناتوانێت لە ڕێگەی سەربازییەوە ئامانجەکانی بپێکێت و ئەوەی ئێستا ڕێگرە لەبەردەم دیپلۆماسی، ئەو پەیامە دژبەیەکانەیە کە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاو دەکرێنەوە.

هاوکات ڕۆژنامەی "تاران تایمز" ئاشکرای کرد کە ئیدارەی ئەمریکا بە توندی پلانی ١٤ خاڵی ئێرانی بۆ چارەسەری ململانێکان ڕەتکردووەتەوە و واشنتۆن لە وەڵامە نووسراوەکەیدا جەختی لەسەر بەردەوامیی سیاسەتی فشار کردووەتەوە، بەتایبەت لە دۆسیەی ئەتۆمیدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران پێشتر ئامادەیی نیشاندابوو بۆ قۆناغی دووەمی دانوستانەکان ئەگەر پێشنیازەکانی قبووڵ بکرانایە.

لە لایەکی دیکەوە، گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر پرسی وزە و ڕێڕەوە ئاوییەکان بەردەوامە؛ ئێراقچی ڕایگەیاندووە'' داخستنی گەرووی هورمز ئەنجامی فشارەکانی ئەمریکایە نەک ئێران.''

ئاماژەی بەوەش کردووە کە گەرووەکە بۆ هەموو کەشتییە بازرگانییەکان کراوەیە بەو مەرجەی هاوکاری هێزە دەریاییەکانی ئێران بکەن، هەروەها جەختی کردەوە کە تەنها ڕێگە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ نایاساییانەیە کە ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی.



PM:01:52:15/05/2026