سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان
باس لە سەپاندنی مۆدێلی ڤەنزوێلا بەسەر ئێران دەکات و بە دووری نازانێت دەستبەسەر
دوورگەی خارگدا بگرێت و کۆنترۆڵی نەوتی ئێران بکات.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ
تۆڕی "فۆکس نیوز”، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی
دوورگەی خارگ و نەوتی ئێران دا و باسی لە نەوتی ڤەنزوێلاش کرد، وتی؛ وڵاتەکەی توانیویەتی
"سامانێکی زەبەلاح” لە نەوتی ڤەنزوێلا کۆبکاتەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتۆن بە
نیازە لە ماوەیەکی نزیکدا هەمان مۆدێل و سیناریۆ بەسەر نەوتی ئێرانیشدا بسەپێنێت.
بەوتەی ترەمپ نەوتی ڤەنزوێلا
ڕەوانەی بازاڕەکانی ناو ئەمریکا کراوە و جەختیشیکردەوە، وڵاتەکەی قازانج و داهاتێکی
یەکجار زۆر لەم پرۆسەیە بەدەستدەهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا ڕوونی
کردەوە، کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا سامانێکی گەورە لە ڤەنزوێلا بەدەستدەهێنن
و ئاماژەی بەوەشداوە، کە واشنتۆن خۆی ئەو
کۆمپانیایانە دیاری دەکات کە ڕێگەیان پێدەدرێت لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلادا وەبەرهێنان
بکەن، و ئەم کۆمپانیایانەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا مامەڵە دەکەن
نەک لەگەڵ حکومەتی ڤەنزوێلا.
لە درێژەی قسەکانیدا
ترەمپ پەردەی لەسەر پلانەکانی لادا بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران بە هەمان سیناریۆی
ڤەنزوێلا و ئەگەری کۆنترۆڵکردنی دوورگەی "خارگ”ـی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە
دوور نەزانی.
دوورگەی خارگ ناوەندی
سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە و نزیکەی ٩٠٪ـی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەی لە ڕێگەیەوە
ڕەوانەی جیهان دەکرێت، ئەمەش وایکردووە ببێتە ئامانجێکی ستراتیژی گرنگ بۆ واشنتۆن
و هەرچی ڤەنزوێلاشە خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتە لە جیهاندا کە بە ٣٠٣ ملیار بەرمیل
دەخەمڵێندرێت (نزیکەی ١٧٪ـی یەدەگی جیهانی)، بەمەش لە پێش سعودیەوە دێت.