سێنتکۆم: گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوامە و ڕێڕەوی ٧٨ کەشتی گۆڕدراوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا لە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند'' هێلیکۆپتەرەکانی سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێری هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی گەرووی هورمز دەکەن.'' ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو گەمارۆ دەریاییە توندەی کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە.

بەیاننامەکە ئاشکرای کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە ڕێڕەوی ٧٨ کەشتی بازرگانی بگۆڕن کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران بەڕێوەبوون، هاوكات ٤ کەشتی دیکەش بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییەکانی گەمارۆکەوە، لەکارخران و دەستیان بەسەردا گیرا.

ئەم ڕێوشوێنانە بەشێکن لەو کەمپینە فراوانەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە لەژێر ناوی "توڕەیی ئابووری" پەیڕەوی دەکات؛ کەمپینەکە سزا گشتییەکان، گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتیانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە تارانەوە هەیە لە سەرانسەری جیهاندا، بە ئامانجی پەکخستنی هەناردەی نەوت و بازرگانیی ئێران و تێکشکاندنی ئەو تۆڕە دەریاییە شاراوەیەی (کەشتییەکانی سێبەر) کە تاران پشتیان پێدەبەستێت.

ئەم ئاڵۆزییە دەریاییانە دوای ئەوە دێن کە گەڕی کۆتایی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە پاکستان بێئەنجام کۆتایی هات، کە ئامانج لێی ڕاگرتنی ئەو شەڕە بوو کە ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیل لە ٢٨ی شوباتی ڕابردووەوە لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی داستانی" دژی ئێران دەستی پێکردووە.



PM:07:54:16/05/2026