نیویۆرک تایمز: ئیسرائیل زیاتر لە ساڵێکە بنکەی سەربازیی نهێنی لە ناو خاکی عێراقدا جێگیر کردووە

رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی مەیدانی و هەستیاردا ئاشکرای کرد کە ئیسرائیل زیاتر لە ساڵێکی بەسەر بردووە بۆ ئامادەکردنی شوێنێکی نهێنی لە ناو خاکی عێراقدا بە مەبەستی بەکارهێنانی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران.

هاوکات بەرپرسانی عێراقیش بوونی دووەم بنکەی سەربازیی ڕانەگەیەندراوی ئیسرائیلییان لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە پشتڕاستکردووەتەوە.

بۆ سەلماندنی ئەم زانیارییانە، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە ڕووداوێکی ڕۆژی ٣ی ئاداری ڕابردوو کردووە، کاتێک بارهەڵگرێک کە شوانێکی ناوخۆیی بە ناوی "عەواد شەمرەی" (تەمەن ٢٩ ساڵ) لێی دەخوڕی و بەرەو شارۆچکەی "نوخەیب" دەچوو، لە لایەن هێلیکۆپتەرێکەوە ڕاوەدوونراوە و چەندین جار تەقەی لێکراوە تاوەکو لە ناوەڕاستی لمەکەدا سووتێنراوە و شوانەکە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هۆکاری کوشتنی ئەو شوانە عێراقییە ئەوە بووە کە ناوبراو لە کاتی گەشتەکەیدا بە ڕێکەوت بەسەر بنکەیەکی سەربازیی نهێنی ئیسرائیلدا کەوتووە. خێزانەکەی عەواد بۆ ڕۆژنامەکە دواون و ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان تەنها ویستوویەتی پەیوەندی بە فەرماندەیی سەربازی عێراقەوە بکات بۆ ئەوەی زانیاری بدات لەسەر ئەو سەرباز، هێلیکۆپتەر و خێوەتانەی لەو ناوچە بیابانییەدا بینیویەتی، بەڵام ئەم بینینە بووەتە هۆی لەدەستدانی ژیانی.

نیویۆرک تایمز باسی لەوەش کردووە، هەرچەندە پێشتر ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جورناڵ" بوونی یەکەم بنکەی ئیسرائیلی لە عێراق ئاشکرا کردبوو، بەڵام پشتڕاستکردنەوەی بنکەی دووەم لە لایەن بەرپرسانی عێراقییەوە، ڕەهەندێکی نوێ بە جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەبەخشێت.



PM:02:53:17/05/2026