میدیای ئێران: داواکارییە زۆرەکانی ئەمریکا سەرچاوەی ناکۆکیەکانن لە دانوستاندن


ئاژانسی تەسنیم هەواڵێکی بڵاوکردوەتەوە لە "سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکار"ی ئێران سەبارەت بە گۆڕانکاری لە خالەکانی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران و دەڵێت "سەرەڕای هەندێک گۆڕانکاری لە دەقە نوێیەکەی ئەمریکییەکاندا، بەڵام ناکۆکییە بنەڕەتییەکان کە لە زیادەخوازی و واقیعبیننەبوونی ئەمریکییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە".

دوو شەممە، ١٨ ئایار ٢٠٢٦، لە هەواڵەکەدا هاتووە سەرچاوەکە پێی راگەیاندوون "ئێران لە هەڵوێستە بڕیاردەر و بنەڕەتییەکانی خۆی لە پرسی کۆتاییهێنان بە شەڕ و چەسپاندنی مافەکانی گەلی ئێران پاشەکشە ناکات؛ داراییە بلۆکەکراوەکانی ئێران دەبێت بە شێوازێکی شەفاف و یەکلاکەرەوە بۆ گەلی ئێران بگەڕێنرێنەوە و بەڵێنە سەرکاغەزییەکان هیچ سوودێکیان نییە. سەرەڕای هەندێک بەڵێن، ناکۆکی لەسەر گەڕانەوەی پارە بلۆکەکراوەکان هێشتا بوونی هەیە".

"ئیرادەی ئێران سەبارەت بە پێویستیی پێدانی قەرەبوو لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بەهۆی دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر ئێران، زۆر جدییە. بەڵام ئەمریکییەکان، سەرەڕای قسەکردن لەسەر شتێک بە ناوی دامەزراندنی سندووقی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە، لەسەر بڕی پارەکە و هەندێک بابەتی تر، مەودایەکی زۆریان لەگەڵ داواکارییەکانی ئێراندا هەیە"، سەرچاوە باڵاکە وای بە ئاژانسە ئێرانیەکە وتوە.

لەبارەی چەکی ئەتۆمییەوە ئاژانسەکە لە زاری ئەو بەرپرسەوە ئاماژەی بەوەکردوە "داواکارییەکانی ئەمریکییەکان لە بواری ناوەکیدا (ئەتۆمیدا) تەنها بیانووگرتنی سیاسی و دژ بە مافی گەلی ئێرانن. جگە لەوەش، ئەمریکییەکان هێشتا هەوڵ دەدەن دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕ بە بابەتی ناوەکییەوە گرێ بدەن، کە ئەمەش پێچەوانەی لۆژیکە و ئێران لەگەڵیدا ڕازی نابێت. ئەمریکییەکان دەبێت ئەوە تێبگەن کە ئێران بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا کۆک نییە کە کۆتاییهێنان بە شەڕ لەبەرامبەر پابەندبوونە ناوەکییەکاندا بێت".

لە کۆتایی هەواڵەکەی ئاژانسی تەسنیمدا هاتوە کە سەرچاوەکەی تیمی دانوستاندکار جەختی کردوەتەوە  "ئێران وەک چۆن پێشتریش ڕایگەیاندووە، هیچ مەبەست و پلانێکی بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی نەبووە و نییە، و ئەم بانگەشەیە تەنها بیانووگرتن و چەواشەکارییەکە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە. لە دەقە نوێیەکەشدا جەخت لەسەر ئەم بابەتە کراوەتەوە".




PM:05:58:18/05/2026