سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ڕایگەیاند'' لەسەر داوای ڕاستەوخۆ و دەستوەردانی سەرکردە باڵاکانی ناوچەی کەنداو، هێرشە سەربازییە پلانبۆداڕێژراوەکەی سبەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگرتووە.'' بەڵام جەختی کردەوە کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە حاڵەتی ئامادەباشی باڵادان بۆ هەر ئەگەرێک تا چانس بدرێتە دانوستانەکان.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە هەریەک لە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، شێخ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، و شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات داوایان لێکردووە هێرشەکە ڕابگرێت چونکە پێیان وایە دانوستانی جددی لە ئارادایە کە دەکرێت ڕێککەوتنێکی پەسندی لێ بکەوێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا مەرجی سەرەکی هەر ڕێککەوتنێکی داهاتووی دیاری کرد و وتی دەبێت گەرەنتی تەواو بدات کە ئێران بە هیچ شێوەیەک نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەرەڕای دواخستنی هێرشەکە، ترەمپ فەرمانی بە پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ و دانیال کاین، سوپاسالاری وڵاتەکەی کردووە کە هێرشەکەی سبەی ڕابگرن، بەڵام جەختی لێکردوونەتەوە کە هێزەکان لەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی گشتگیر و بەرفراوان لە هەر چرکەساتێکدا، ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام.