ئیسرائیل: ئامادەکارییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران تەواو بووە

وادیارە ترەمپ چیتر هیچ سوودێک لە بەردەوامبوونی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران نابینێت و لێدانە سەربازییەکان لە هەموو کاتێک نزیکترن، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر ترەمپ لەسەر داوای وڵاتانی کەنداو لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی پاشەکشەی کردبوو.

دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە ئامادەکارییە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان دژی تاران بە تەواوی کۆتایییان هاتووە.

هەڵسەنگاندنە ئیسرائیلییەکان کە ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، پشتیان بەو تێڕوانینە بەستووە کە "ڕێگا دیپلۆماسییەکە بە تەواوی بنبەست بووە".

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە کە ترەمپ "ئامادەیە دوا هەل بە ئێرانییەکان بدات ئەگەر هۆکارێک بۆ ئەوە بدۆزێتەوە"، بەڵام سەرچاوە ئیسرائیلییەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە "دوا هەل" لە ڕووی کردەییەوە کۆتایی هاتووە.

دزەپێکردنەکانی ئەکسیۆس دوای ئەوە هاتن کە سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد دوێنێ دووشەممە تەنها "یەک کاتژمێر" دوور بووە لە وەشاندنی گورزێکی سەربازیی بەرفراوان بۆ سەر ئێران و هێزەکان "پڕچەک و ئامادە بوون"، بەڵام پاشەکشەی کردووە بۆ ئەوەی هەلێکی نوێ بە دیپلۆماسیەت بدات دوای گوشارەکانی سعودیە، قەتەر و ئیمارات، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە کە "گورزەکە لەوانەیە لە هەر ساتێکدا بوەشێنرێت".

لەلایەکی دیکەوە، تاران هۆشداری داوە کە هەر "هەڵەیەکی ستراتیژی" نوێی ترەمپ، بە "کردنەوەی بەرەی نوێ و بەکارهێنانی شێوازی سەربازیی نوێ کە جیهان پێشتر نەیبینیوە و بە کەرەستەی سەربازی کە تا ئێستا نەهاتوونەتە ناو مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەوە" وەڵام دەدرێتەوە.

بەم شێوەیە، کاتژمێرەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن؛ ترەمپ هەڕەشەی "مشتەکۆڵەی ئاسنین" دەکات و ئیسرائیل ئامادەیی خۆی ڕادەگەیەنێت، لە کاتێکدا ئێران دەست بە مەرجەکانییەوە دەگرێت و هۆشداری دەدات لە هەڵەیەک کە ناوچەکە بەرەو ئاگر و دۆزەخ ببات.




PM:10:04:19/05/2026