سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕۆژی پێنجشەممە هۆشداریدا،
ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک لە کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێراندا بەدەست نەیەت، لەوانەیە بازاڕی
جیهانیی نەوت تا هاوینی داهاتوو بچێتە ناو «زۆنی سوور»ەوە.
فاتح بیرۆل لە پەیمانگای چەتەم هاوس(Chatham House) لە لەندەن ڕایگەیاند: «ئەگەر شاهیدی هیچ
باشتربوونێک لە دۆخی شەڕەکەدا نەبین، لەوانەیە لە مانگی تەممووز یان ئابدا بچینە
ناو زۆنی سوورەوە".
ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا کە لە ٢٨ی
شوباتی ڕابردووەوە دەستیان پێکردبوو، بە کردەوە ڕێڕەوی تێپەڕبوونی نەوتکێشەکانی لە
گەرووی هورمز ڕاگرتووە؛ ئەم کارەش ڕەوتی گواستنەوەی نەوت و گازی پەکخستووە و نرخەکانی
بەشێوەیەکی خێرا بەرزکردووەتەوە.
بیرۆل ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتێکدا کە بوونی نەوتی زیادە لە
بازاڕدا پێش دەستپێکردنی شەڕەکە یارمەتیدەر بووە بۆ بەرگەگرتنی ئەم شۆکە جیهانیە،
بەڵام ئێستا "کۆگاکانی نەوت لە کەمبوونەوەدان."
ناوبراو هۆشداریدایە کە گەڕانەوەی توانای بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی
نەوت بۆ ئاستی پێش شەڕ کاتێکی زۆری دەوێت.
بیرۆل پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە سەرەڕای ئازادکردنی کۆگا
ستراتیژییەکان لەلایەن حکومەتە جیاوازەکانی جیهانەوە، کۆگا بازرگانییەکانی نەوت بە
خێراییەکی یەکجار زۆر لە کەمبوونەوەدان.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، پڕۆسەی ئازادکردنی ٤٢٦ ملیۆن بەرمیل
نەوتی لە کۆگا فریاگوزارییەکانی ٣٢ وڵاتی ئەندامی خۆی هەماهەنگ کردووە و ڕایگەیاندووە
کە تا ئێستا نزیکەی ١٦٤ ملیۆن بەرمیلی لێ بەکارهێنراوە.