سوپای پاسداران: ٣١ کەشتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕین

بە پێی راگەیەنراوی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی ٢٤ کاژمێری رابردوودا، ٣١ کەشتی جۆراوجۆر، لەوانە نەوتهەڵگر، کەشتیی بارهەڵگر و کەشتیی بازرگانی، بە هاوئاهەنگی و دابینکردنی ئەمنیەت لەلایەن هێزەکانی ئەوانەوە، بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ بوون.

لە راگەیەنراوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی سوپای ئەمریکای بە دروستکردنی نائارامیی بێپێشینە لە تەواوی کەنداو و بەتایبەتی گەرووی هورمز تۆمەتبار دەکەن، بەڵام هێزەکانی سوپا هەوڵیان داوە رێگەیەکی دیاریکراو و سەلامەت بۆ بەردەوامیی بازرگانیی جیهانی دابین بکەن.

بەرپرسێکی هێزی دەریایی سوپا لەمبارەیەوە دەڵێت، "ئێمە هەوڵمان داوە رێڕۆی بازرگانیی نێودەوڵەتی بپارێزین و چی دیکە رێگە نادەین هیچ لایەنێک ئەمنیەتی ناوچەکە تێکبدات."

لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ ئێران گەرووی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتی و نەوتهەڵگرەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی دەدات بە تەنگەکەدا تێپەر ببن. تاران بۆ تێپەربوونی کەشتییەکانی دیکە، مەرجی وەرگرتنی باجی سەپاندووە و دەڵێت، هیچ کەشتییەک بە بێ مۆڵەتی ئەوان مافی ئەوەی نییە بە گەرووەکەدا تێپەربێت.




PM:06:37:21/05/2026