ئەمریکا: پێشکەوتن و ئاماژەی ئەرێنی هەیە بۆ رێکەوتن لەگەڵ ئێران

‌مارکۆ رۆبیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ رۆبیۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوەکرد کە "ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پاکستان گەشت بۆ تاران دەکەن و چەندین ئاماژەی ئەرێنی بۆ رێککەوتن لەگەڵ تاراندا هەن".

پێنج شەممە، ٢١ ئایار ٢٠٢٦، مارکۆ رۆبیۆ رایگەیاند "سەپاندنی سیستەمی وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە، گەیشتن بە رێککەوتنی دیپلۆماسی مەحاڵ دەکات، چونکە هیچ کەسێک لە جیهاندا پشتگیری لەوە ناکات تاران باج لەو گەرووەدا وەربگرێت، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران و پێشکەوتنیشیان بەدەست هێناوە".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد کە دۆناڵد ترەمپ، "گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران بە باش دەزانێت و بژاردەی دڵخوازیەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداریی دا کە بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزە".

رووبیۆ توڕەیی و نائومێدیی وڵاتەکەی بەرامبەر بە هەڵوێستی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەربڕی و وتی "مووشەکەکانی ئێران هەڕەشەن بۆ سەر ئەوروپا، پێویست بوو ناتۆ پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنەکەمان بکات دژی ئێران، ناتۆ رەتی دەکاتەوە هیچ شتێک بکات کە ئەمریکا داوای دەکات، ئەوان لە پاڵ ئێمەدا نەوەستان و ترەمپیش هەست بە بێهیواییەکی گەورە دەکات".






PM:09:37:21/05/2026