بەرپرسێکی ئێرانی بۆ میدیای جەزیرە رایگەیاندووە" تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی لە ئارادا نییە و کار دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی مەودای جیاوازییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن".
لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ئەلجەزیرە، بەرپرسێکی ئێران کە ناوی نەهاتووە دەڵێت " ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، دەروازە و مەرجی بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە وتوێژێکی داهاتوو".
هەروەها ئەوەش ئاشکرا دەکات، ئازادکردنی پارە بلۆکەکراوەکان و لادانی سزاکانی سەر هەناردەی نەوت بۆ ئێران تەنیا وردەکاری نین، بەڵکو داواکاری سەرەکین.
ئێران داوای ڕاگرتنی شەڕ، کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی ئەمریکا و دابینکردنی سەقامگیری لە گەرووی هورمز کارە لەپێشینەکانی ئێمەن.
بەرپرسە ئێرانەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کەشە ئەرێنییەی لەگەڵ جموجۆڵە دیپلۆماسییەکاندا هەیە گرنگە، بەڵام بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە بەس نییە.
لە کۆتایشدا هاتووە" هێزە چەکدارەکانی ئێران مامەڵە لەگەڵ نییەتەکان ناکەن، بەڵکو پلان و جووڵەکانیان لەسەر بنەمای خراپترین سیناریۆکان دادەڕێژن".