دادگای ئەنکەرە سەرۆکی جەهەپەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە

‌ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لە کارلابراوی جەهەپە

٢١ ئایاری ٢٠٢٦، فەرمانگەی ٣٦ـەمی یاسایی لە دادگای هەرێمیی ئەنکەرە، کۆنگرەی ٣٨ـی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) کە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەچووبوو، پووچەڵکردەوە و  بریاری دا کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی جەهەپە و دەستەی کارگێری کۆن بگەڕێنێتەوە سەرۆکایەتی پارتەکە. 

شەممە، ٢٣ ئایار ٢٠٢٦، بەو بڕیارەی دادگای ئەنکەرە، ئۆزگور ئۆزەل کە سەرۆکی گشتی جەهەپە بوو لە  پۆستەکەی دوور خرایەوە،  ئەمڕۆش ئەو پارتە لە بارەگای خۆی لە ئەنکەرە بەشێوەیەکی داخراو کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و بڕیاریدا ئۆزگور ببێتە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکە لە پەرلەمانی تورکیا.

لەو بارەیەوە فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمان رایگەیاند "فراکسیۆنی پەرلەمانیی جەهەپە کۆبووەوە. لەم دەنگدانەدا ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی پەرلەمان بەربژێر کرد و بە کۆی دەنگ وەک سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمان هەڵبژێردرا".

دوێنێ، هەینی ئۆزگور ئۆزەل لە بارەی بڕیارەکەوە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و وتی "پێویست بوو پارتەکەمان ڕەخنە لە خۆی بگرێت، چونکە کاردانەوەی گەورە دژی پارتەکەمان هەبوو، ئێمەش وتمان دەبێت جەهەپە بگۆڕێت و کەوتینە ڕێ، ویستمان گۆڕانکارییەک بهێنینە ئاراوە، دوای ٤٧ ساڵ بووینە پارتی یەکەم و بۆ یەکەمجار ئاکەپەمان تێکشکاند، تاوانەکەمان ئەمە بوو، ئەوان شەڕیان دژی ئیرادەی گەل دەستپێکرد و لە سەرەتادا ئەکرەم ئیمامۆغلۆیان کردە ئامانج و هێرشەکانیان بەردەوام بوون، بە ئێمەیان وت دەست لە ئەکرەم هەڵگرن، لە ئەنقەرە بمێننەوە و تەنیا لەوێ سیاسەت بکەن و بەو شێوازە کار بکەن، منیش ئەوەم ڕەتکردەوە".

لە چوارچێوەی کاردانەوەکان دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بەرامبەر بە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی ڕەها" سەبارەت بە جەهەپە کاردانەوەی نیشاندا و رایگەیاند "بڕیاری پووچەڵکردنەوەی ڕەها سەبارەت بە جەهەپە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆن و گوشاری سیاسی و پیلانێکە کە لەگەڵ یاسا و دادپەروەریدا ناگونجێت و هەوڵدەدرێت بە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەستوەردان لە سیاسەتدا بکرێت، وەک دەم پارتی، هاوشێوەی ڕابردوو، ئەمڕۆش لایەنگری دیموکراسی و یاساین، رێباز و پرەنسیپی بنەڕەتی تێکۆشانی دەیان ساڵەی ئێمە ئەوەیە کە دژی هێرشەکان بۆ سەر سیاسەتی دیموکراتیکین و لە پاڵ ئیرادەی گەل ڕاوەستاوین".

لەلایەکی دیکەوە گورسێل تەکین، پەرلەمانتاری پێشووی جەهەپە لە ئەستەنبوڵ و کەسایەتیی نزیک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو لە لێدوانێکدا دەڵێت "بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە یاساییە، پڕۆسەی ئامادەکاری بۆ سازکردنی کۆنگرەیەکی نائاسایی لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی دەستپێدەکات، ناهێڵین کێشەی دووجەمسەری لەنێو پارتەکەدا درێژە بکێشێت و بە زووترین کات رەوایەتی بۆ جەهەپە دەگەڕێنینەوە".

ئەمڕۆ، شەممە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئیستەنبوڵ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە "لە ئەنجامی بەدواداچوونەکان، ١٣ گومانلێکراو کە تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی یاسای پارتە سیاسییەکان، وەرگرتنی بەرتیل و سپیکردنەوەی ئەو داراییانەی لە تاوانەوە سەرچاوەیان گرتووە دەستگیرکران و لە پشکنینی شوێنی تۆمەتباراندا دەست بەسەر چەندین بەڵگەدا گیرا"، کە ئەو ١٣ کەسە پەیوەندییان بە کۆنگەرەی ٣٨ جەهەپەوە هەیە.

ئۆزگور ئۆزەل کە رۆژی ٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٣،  لە ٣٨مین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەدا بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا، چەند سکاڵایەکی لەسەر تۆمارکرابوو و "بە دەستوەردانی نایاسایی لە پرۆسەی بەرێوەچوونی کۆنگرەکە" تۆمەتباردەکرا.

بەپێی بڕیارەکە، ئۆزگور ئۆزەل و دەستەی بەڕێوەبردنی جەهەپە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەندی بڕیار و ئەنجوومەنی پابەندی بە شێوەیەکی کاتی لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە و بڕیاردراوە کەمال کلچدارئۆغڵو، سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پێشوو ئەرکەکانیان وەربگرنەوە.
 
ئەمە لەکاتێدایە باس لەوە دەکرێت پرۆسەی دیموکراسی لە تورکیادا روو لە پاشەکشە دەکات و یەکێک لەو پارتانەش کە بەرشاڵاوی بڕیارەکانی ئەردۆغان و پارتەکەی بوونەتەوە جەهەپەیە لە رێگای بەکارهێنانی دادگاوە و لە مانگی ئاداری ٢٠٢٥، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، کە زۆرترین دەنگی لە هەڵبژاردن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لە پشکی جەهەپە بەدەستهێنا  لە پۆستەکەی دورخرایەوە و تا ئەم کاتە لە زینداندایە.

جەهەپە لە ٩ ئەیلول ١٩٢٣،  لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی ١٩٢٣-١٩٥٠دا ١٧ جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا.




PM:04:33:23/05/2026