فۆکس نیوز و ئاکسیۆس: ئیدارەی ترەمپ و ئێران لە ڕێککەوتن و کۆتاییهێنان بە شەڕ نزیک دەبنەوە

میدیا باڵا و جیهانییەکانی ئەمریکا، پێشهاتی نوێ و گرنگ لەبارەی دۆخی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری ڕێککەوتنی ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ بڵاودەکەنەوە کە تێیدا سەرکردەکانی ناوچەکە هاتوونەتە سەر هێڵ.

ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئاگاداری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، ئەمشەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکردەکانی (قەتەر، سعوودیە، ئیمارات، میسر، تورکیا و پاکستان) ئەنجامداوە، لەو پەیوەندییانەدا سەرکردەکانی ناوچەکە داوایان لە ترەمپ کردووە کە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران قبووڵ بکات، کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و جارێکی تر نەگەڕێتەوە بۆ بژاردەی سەربازی.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئاکسیۆس، ئیدارەی ترەمپ و تاران لە ئێستادا زۆر نزیکن لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئەو ناکۆکییانەشی کە تاوەکو ئێستا ماونەتەوە، تەنیا پەیوەستن بە داڕشتنی چەند خاڵێکی تەکنیکی و سیاسیی نێوان هەردوولا
هاوکات، کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی پشتڕاستی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ گفتوگۆیەکی زۆر ئەرێنی و سەرکەوتووی لەگەڵ سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامداوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی ڕاگەیاندنی ئاگربرست یان ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا



PM:11:34:23/05/2026