وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە گیان لە دەستدانی کونسوڵی ئازربایجان بەهۆی روداوێکی هاتووچۆ لە شاری تەورێزی ناوەندی پارێزگای ئازربایجان لە ئێران.
یەک شەممە، ٢٤ ئایار ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە زاری عەلی عەلیزادە باڵیۆزی ئازەربایجان لە تاران، هەواڵی مردنی رامیل رەزا ئۆغڵو عیمران، کونسوڵی وڵاتەکەی لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوای ئێران پشتڕاستکردووەتەوە، لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لە رێگەی خێرا جولفا – تەورێز، لە نزیک شاری مەرەند تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە".
سەبارەت بە رووداوەکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی تەورێز رایگەیاند "کاتژمێر ١٢:٥٠ خولەکی نیوەڕۆی دوێنێ شەممە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا سپۆرتاج بە ژمارەی دیپلۆماسی کۆماری ئازەربایجان لە نزیک مەرەند – جولفا لەگەڵ بارهەڵگرێکی ئامێرێکی میکسەر پێکیانداداوە بەهۆیەوە تاکە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە گیانی لە دەستداوە، بەڵام پۆلیسی لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی رووداوەکە و بوونی گرفتی تەکنیکی و ئیستۆپی ئۆتۆمبیلەکە دەکات".
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی تەورێز ئەوەشی ئاشکرا کردوە بەپێی شیکارە تەندروستییەکانی تیمی پزیشکی کە چوونە سەر شوێنی رووداوەکە، گومان دەکەن بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، کونسوڵی ئازەربایجان کۆنترۆڵی لەدەستدابێت و تووشی ئەم رووداوە بووە، بەڵام بڕیارە ئەنجامی کۆتایی دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە و پشکنینەکان رابگەیەندرێت.