دۆناڵد ترەمپ: دەبێت ئێران بێتە بەشێک لە رێکەوتنی ئەبراهام


سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی تروس سۆشیال زانیاری نوێ سەبارەت بە رێکەوتن لەگەڵ ئێران بڵاو دەکاتەوە.

دوو شەممە، ٢٥ ئایار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "دوای هەموو ئەو کارانەی ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە ئاڵۆزە (ئێران) کردوویەتی، پێویستە هەمو ئەم وڵاتانە، وەک مەرجێکی ناچاری، بە شێوەیەکی هاوکات واژۆ لەسەر رێککەوتننامەی ئەبراهام بکەن، ئەم هەنگاوە دەبێت بە واژۆکردنی دەستبەجێی سعودیە و قەتەر دەستپێبکات و وڵاتانی دیکەش هەمان هەنگاو بنێن".

سەرۆکی ئەمریکا ئاشكراشیکرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە رۆژی شەممە زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ناوچەکە ئەنجامداوە، لەوانە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، ئەمیر تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، شا عەبدوڵـڵا، شای ئوردن و حەمەد بن عیسا، شای بەحرەین و لەگەڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان.

لە بارەی رێکەوتنیان لەگەڵ ئێران، سەرۆکی ئەمریکا وتیشی "ئەگەر ئێران رێککەوتنەکە لەگەڵ من وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا واژۆ بکات، جێگەی شانازییە کە ئەوانیش ببنە بەشێک لەم هاوپەیمانییە جیهانییە بێوێنەیە. بەمەش رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ناوچەیەکی یەکگرتوو و لە رووی ئابوورییەوە هێندە بەهێز دەبێت کە هیچ شوێنێکی جیهان وەک ئەو نەبێت."
 
دۆناڵد ترەنپ دەشڵێت "رێکەوتننامەی ئەبراهام بۆ ئەو وڵاتانەی تێیدان (ئیمارات، بەحرەین، مەغریب، سودان و کازاخستان) بوەتە هۆی گەشەیەکی خەیاڵیی ئابوری و دارایی، تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا".
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، تره‌مپ رایگەیاند، فەرمانی بە نوێنەرەکانی داوە دەستبەجێ پرۆسەی هێنانی ئەم وڵاتانە (سعودیە، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر و ئوردن) بۆ ناو رێککەوتننامەی ئیبراهیم دەستپێبکەن و بە سەرکەوتوویی تەواوی بکەن".

رێککەوتنی ئەبراهام کۆمەڵێک رێککەوتنی دیپلۆماسییە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی. لە ١٥ ئەیلولی ٢٠٢٠، بە نێوەندگیریی دۆناڵد تره‌مپ لە کۆشکی سپی، ئیمارات و بەحرێن یەکەم وڵات بوون واژۆیان کرد، دواتریش مەغریب و سوودان چوونە ناو رێککەوتنەکە.




PM:06:09:25/05/2026