مەسعوود پزیشکیان فەرمانی هەڵگرتنی فلتەر و کردنەوەی ئینتەرنێتی نێودەوڵەتی لە ئێران دەرکرد

 سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بە فەرمی بڕیاریدا بە لادانی سەرجەم کۆتوبەند و سزاکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت و ئاساییکردنەوەی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بە ماڵپەڕ و پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییەکان

پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە بە فەرمانی مەسعوود پزیشکیان، سەرجەم ئەو سنووردارکردنانەی لەسەر هێڵەکانی ئینتەرنێت جێبەجێ کرابوون لادەبرێن و دۆخی تۆڕە کۆمەڵایەتی و پێگە جیهانییەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا بەرەو ئاساییکردنەوەی تەواو دەچێت

هاوکات، پێگەی "نێتبلۆکس" کە تایبەتە بە چاودێریی باری ئینتەرنێت لە جیهاندا بڵاویکردەوە'' زۆربەی هاووڵاتیانی ئێران ماوەی ٨٧ ڕۆژی ڕەبەق بوو بەهۆی گرژییە سەربازییەکانەوە بە تەواوی لە ئینتەرنێتی جیهانی دابڕابوون و لەو ماوەیەدا تەنیا ڕێژەیەکی زۆر کەمی خەڵک دەەیانتوانی لە ڕێگەی کڕینی سێرڤەرە گرانبەهاکانی VPNـەوە بەربەستەکان ببڕن''

ئەم بڕیارە چاوەڕواننەکراوەی تاران پاش تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک دێت لە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی کە تێیدا ئاشکرای کردبوو ڕێککەوتنی چوارچێوەی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ٪٩٥ی تەواو بووە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا چەند ناکۆکییەکی تەکنیکی لەسەر داڕشتنی وشەسازیی خاڵەکانی تایبەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز و دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لە ئارادان.





AM:12:09:26/05/2026