سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە سەبارەت بە ڕێگاکانی "چارەسەرکردنی" یۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێران، ئەمەش وەک یەکەم لێدوانی ترەمپە دوای هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆسەر باشوری ئێران.
سێ شەممە، ٢٦ ئایار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ نوسیویەتی "دەبێت چارەنووسی تۆزی ئەتۆمییەکە (یۆرانیۆمی پیتێندراو)، بە یەکێک لەم دوو رێگەیە یەکلایی بکرێتەوە دەبێت یان دەستبەجێ رادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکرێت تاوەکو بیبەینەوە و لەناوی ببەین، یان باشتر وایە لە شوێنی خۆی یان لە شوێنێکی دیکەی پەسندکراو لەناوببرێت".
سەرۆکی ئەمریکا وتوشیەتی کە "ئەم پرۆسەیە دەبێت لە ژێر چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی یان هەر دامەزراوەیەکی هاوتای ئەو بێت، تاوەکو وەک گەواهیەک ئامادەی پرۆسەی لەناوبردنی ماددە ئەتۆمییەکان بن".
یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ ئێران لە دانوستاندنەکان دەستبەرداربوونە لە چەکی ئەتۆمی.
وتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، کاپتن تیم هاوکینز لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیوز هۆکاری هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆیان بۆ سەر باشوری ئێران ئاشکرا کرد و رایگەیاند "هێرشەکان شوێنی هاویشتنی مووشەک و چەند بەلەمێکی ئێرانییمان کردووەتە ئامانج کە هەوڵی چاندنی مینیان دەدا، جەختی دەکەینەوە لەگەڵ پاراستن و دانبەخۆداگرتن لە ماوەی ئاگربەست، بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە هێزەکانمان".