لە پەرەسەندنێکی نوێ، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند'' سوپای ئەمریکا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئاگرربەستی لە ناوچەکانی باشوور پێشێل کردووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم جۆرە پێشێلکاریانەی واشنتۆن لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسە دیپلۆماسییەکاندا، جارێکی دیکە بێ متمانەیی و نیازی خراپی ئەوان دەسەلمێنێت و تاران بە چاوپۆشی ناكات لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و بە توندی وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەداتەوە کە گەلی ئێران بکاتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە و لە پەیامێکی سەربازیی بەهێزدا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە لە نێو گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان توانیویانە بە سەرکەوتوویی ڕووبەڕووی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەیەکی جەنگی لە جۆری F-35 ببنەوە و ڕێگرییان لێ بکەن، ئەم هەنگاوەش ڕەنگدانەوەی حاڵەتی ئامادەباشی و فریاکەوتنی بەردەوامی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە لەم قۆناغە هەستیارەدا.
هاوکات، لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی لایەنەکان کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە تاران بە توندی و بێ دوودڵی وەڵامی هەر پێشێلکارییەکی ڕێککەوتنی ئاگرربەست دەداتەوە، ئەم پەرەسەندنانەش نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانی لەبارەی لاوازی و ناسەقامگیریی ئاگرربەستی ئێستا زیاتر کردووە، بەتایبەت لە سایەی بەردەوامیی جموجۆڵە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
ئێستا سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە هەرێمییەکان لەسەر کاردانەوەکانی داهاتووە و ترسی ئەوە هەیە کە دۆخەکە بەرەو ڕووبەڕوبوونەوەیەکی بەرفراوانتر بڕوات، چونکە کاتژمێرەکانی داهاتوو بە یەکلاکەرەوە دادەنرێن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هێوربوونەوەی دۆخەکە و دەستنیشانکردنی ئەوەی کە ئایا لایەنەکان دەتوانن کۆنترۆڵی گرژییەکان بکەن یان ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێی پێکدادان دەچێت.