سەرۆک وەزیرانی عێراق ستایشی بڕیارەکەی موقتەدا سەدر دەکات بۆ یەکخستنی "سەرایا سەلام" لەگەڵ دەوڵەتدا

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٧ی ئایاری ٢٠٢٦)، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە لە بڕیارێکدا گرووپی چەکداریی "سەرایا سەلام"ی لە ڕەوتەکەی دابڕی بەمەبەستی ئەوەی بە تەواوی ببنە بەشێک لە هێزە فەرمییەکانی دەوڵەت، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازیی لەو هەنگاوە کرد و پەیامێکی دەستخۆشیی بڵاوکردەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند'' ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە بەرپرسیارانەیە بەرز دەنرخێنن کە لەلایەن ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، سەید موقتەدا سەدرەوە ڕاگەیەندرا، سەبارەت بە یەکخستنی پێکهاتەکانی سەرایا سەلام لەگەڵ دەوڵەتدا و بوونیان لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا، ئەمەش وەک پابەندبوونێک بۆ پشتیوانیکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و چەسپاندنی شکۆمەندی و سەروەریی یاسا.''

عەلی زەیدی جەختی لەوەش کردەوە، ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی، چەسپاندنی پرەنسیپی کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە و پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکانیاندا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دیکە کرد کە هەمان ڕێبازی نیشتمانیی بەرپرسیارانە بگرنەبەر و لەژێر چەتری دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانیدا کار بکەن، ئەمەش لەپێناو دەستەبەرکردنی پاراستنی عێراق، سەروەرییەکەی و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری.

زەیدی لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم قۆناغەی ئێستا پێویستی بە یەکخستنی هەوڵی هەمووان، پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی، پاراستنی یەکڕیزیی عێراق و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دەستوورییەکان هەیە، لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی بەهێزدا کە یاسا تیایدا سەروەر بێت.



PM:03:43:27/05/2026