کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی: ئەمریکا فڕۆکە سەربازییەکانی لە ئیسرائیل دەکێشێتەوە

کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئاشکرای کردووە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ گەیشتنی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، واشنتۆن بڕیاری کشانەوەی فڕۆکە سەربازییەکانی لە ئیسرائیل داوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو کەناڵە، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە فەرمی ئاگادارکراونەتەوە کە دەستبەجێ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، سەرجەم فڕۆکە سەربازییە ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی "بن گوریۆن" دەبرێنە دەرەوە.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستووەتەڕوو کە پرۆسەی کشانەوەی ئەو پۆلە فڕۆکە سەربازییە لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا بەرەو بنکە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە کیشوەری ئەوروپا جێبەجێ دەکرێت، بەو مەرجەی فڕۆکەکان لە دۆخی ئامادەیی تەواودا بمێننەوە بۆ گەڕانەوە بۆ فڕۆکەخانەی بن گوریۆن، ئەگەر لە هەر بارودۆخێکدا هێزەکان تووشی بنبەست بن و شەڕ و گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەست پێ بکەنەوە.



PM:04:26:27/05/2026