میدیای فەرمیی ئێران وردەکاریی ڕەشنووسی لێکگەیشتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا بڵاوکردەوە

میدیای فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمرۆ چوارشەممە ئاشکرای کرد کە تاران ڕەشنووسێکی سەرەتایی و ناڕەسمیی لە چوارچێوەی یاداشتێکی لێکگەیشتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێگەیشتووە، هاوکات بەشێک لە بەند و ناوەڕۆکی ڕەشنووسەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە

بەپێی ناوەڕۆکی ڕەشنووسە پێشنیازکراوەکە، هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە لە ماوەی یەک مانگدا بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگ دەگێڕدرێتەوە، لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەشدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەند دەبێت بە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لە دەوروبەری سنوورەکانی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە بەسەر تاراندا سەپێنراوە.

ڕەشنووسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە قۆناغی داهاتوودا، سەرجەم هەماهنگییەکان لەبارەی بەڕێوەبردنی ڕێڕەوی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا لە نێوان ئێران و عومان ئەنجام دەدرێت

لەم چوارچێوەیەدا، عەلی باقری کەنی، جێگری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە وڵاتەکەی لەگەڵ عومان بە شێوەیەکی هاوبەش سەرقاڵی دانوستانن لەسەر دیاریکردنی ڕێوشوێنێکی نوێ بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بەو گەرووە ستراتیژییەدا، باقری کەنی جەختی لەوەش کردەوە کە مەرج و ڕێکارە نوێیەکانی تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا بە تەواوی جیاواز دەبن لەو ڕێوشوێنانەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگ لە دژی ئێران پەیڕەو دەکران.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەبارەت بە چارەنووسی گفتوگۆکان ڕایگەیاند، تا ئەو کاتەی لەسەر هەموو بابەتەکان نەگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، پێمان وایە لەسەر هیچ شتێک نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن، هاوکات بە توندی جەختی کردەوە کە دۆسیەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە هیچ شێوەیەک بەشێک نییە لە بەرنامەی کاری ئەم دانوستانانەی ئێستای نێوان تاران و واشنتۆن.



PM:05:51:27/05/2026