سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی نوێترین زانیارییەکانی سەبارەت بە ئەگەری ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد و دەڵێت "ئەوەی لە ڤەنزوێلا کردمان، زۆر بە خێرایی کرا، ئێمە بە شێوەیەکی یەکسان هەمان شت لە ئێرانیش دەکەین، بەڵام میدیا باسی ناکات".
چوار شەممە، ٢٧ ئایار ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند "ئێران دەیەوێت دانوستاندن بکات و رێککەوتن واژۆ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا واشنتن بەو پێشنیازانە رازی نەبووە، وەک هەزاران جار گوتوومە، هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە، هیچیان نەماوە و بە تەواوی ماندووبوون، با بزانین چی روودەدات، لەوانەیە بچینەوە ئێران و کارەکە تەواو بکەین".
"تەواوی سیستمی ئابوورییان وردوخاش بووە، هەڵاوسانیان گەیشتووەتە ٪٢٥٠ و دراوەکەیان هیچ بەهایەکی نییە، ئەوان پێیان وابوو بەهۆی هەڵبژاردنی نیوەخولەوە لە من دەبەنەوە، بەڵام من گرنگی بەوە نادەم"، سەرۆکی ئەمریکا وا دەڵێت.
سەبارەت بە ئامانجی ئەمریکا لەگەڵ ئێران ترەمپ وتی " ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەمەش تەنیا بۆ ئەمریکا نییە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی هەموو جیهانە".