شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەستپێدەکاتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦)، گرژیی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی کەنداو بازدانێکی مەترسیداری بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر بەندەر عەباس و لە بەرامبەردا پێگەکانی ئەمریکا لە کوێت کرانە ئامانج.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی سێ تەقینەوەی زۆر بەهێز لە شاری بەندەر عەباسی باشووری ئێران بیسترا. فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە فەرمی ڕایگەیاند'' هێزەکانیان لە هێرشێکی پێشوەختەدا بنکەیەکی سەرەکیی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)یان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس کردووەتە ئامانج.'' هاوکات توانیویانە چوار درۆنی ئێرانی لە ئاسامانی ناوچەکەدا بخەنە خوارەوە کە ئامادەکرابوون بۆ ئەنجامدانی هێرش.

دواتر، سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەنراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە لە وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەر عەباس، هێرشێکی توندیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.

هاوکات، وەزارەتی بەرگریی کوێت ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشێکی هاوبەشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.'' سەرچاوە ئەمنی و میدیاییە نافەرمییەکان ئاشکرایان کردووە کە هێرشەکەی ئێران ڕاستەوخۆ بنکەی سەربازیی "عەلی ئەلسالم" یان بنکەی "عەریفجان"ی ئەمریکی لە خاکی کوێت کردووەتە ئامانج، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرن.



AM:09:20:28/05/2026