دۆناڵد ترەمپ: ناچمە ژێر باری هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران

سەرۆکی ئەمریکا، بە توندی وەڵامی لێکدانەوەکانی سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەداتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هیچ نیگەرانییەکی بەرامبەر بە لێکەوتە سیاسییەکانی ململانێی درێژخایەن لەگەڵ تاران نییە، هاوكات ڕەتیدەکاتەوە کە بەهۆی فشارەکانی هەڵبژاردنەوە مل بۆ ڕێککەوتنێکی خێرا بدات

 لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کابینەی ئیدارەکەی لە ناو کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند'' سەرکردەکانی ئێران تووشی هەڵەیەکی گەورە و ستراتیژی دەبن ئەگەر پێیان وابێت هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خول (Midterm Elections) کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.''' فشاری سیاسی بۆ سەر ئیدارەکەی دروست دەکات تاوەکو پەلە بکات لە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاراندا

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە لێکدانەوە و چاوەڕوانییەکانی بەرپرسانی ئێران کرد و وتی: "ئەوان وایان بۆ دەچوو کە دەتوانن لە من پشوودرێژتر بن، دەیانگوت ئێمە دانبەخۆداگرتووتر دەبین چونکە ترەمپ هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی لەپێشە، بەڵام من لێرەوە پێیان دەڵێم کە هیچ گرنگییەک بەو هەڵبژاردنە نادەم و لەسەر بنەمای فشاری کات بڕیار و ڕێککەوتن واژۆ ناکەم".

ئەم لێدوانە توندەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا پرۆسەی هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خول لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت، شرۆڤەکارانی سیاسیش پێشبینی ئەوە دەکەن کە پارتی کۆمارییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببنەوە و ئەگەری هەیە کۆنتڕۆڵی زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە قازانجی پارتی دیموکراتەکان لەدەست بدەن، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی واشنتۆن دەبێت.



PM:12:22:28/05/2026