جەی دی ڤانس: بەرەوپێشچوون لە دانوستانەکاندا لەگەڵ ئێران هەیە

 جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند'' بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا هەیە، بەڵام جەختی کردەوە کە ناتوانن گرەنتی ١٠٠٪ـی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بدەن، چونکە دۆسیەی لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە قووڵایی ژێر زەویدا پێویستی بە کات و وردەکاریی زۆرە.''

جەی دی ڤانس، ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغێک کە هەردوولا دەتوانن پێکەوە دانیشن و لەسەر پرسەکان دانوستان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتیکردەوە چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراو بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە ڕابگەیەنێت.

ڤانس وتی'' ئەوەی ئێمە ئێستا دەمانەوێت، دانانی چوارچێوەیەکی سەرکەتووە بۆ دانوستانەکان. هەندێک وردەکاریی ئاڵۆز هەن کە پێویستە لەسەریان بوەستین؛ بۆ نموونە، چۆنیەتی دەستگەیشتن و لەناوبردنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی کە ئێران لە قووڵاییەکی زۆری ژێر زەویدا شاردوویەتییەوە، پرۆسەیەکی درێژخایەنە و دۆزینەوە و لەناوبردنی کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە پێویستمان بە پشوودرێژییە."

لە درێژەی قسەکانیدا، جەی دی ڤانس گەشبینیی خۆی نیشاندا و ڕایگەیاند'' هەستی ئەوەم هەیە کە لە کۆتاییدا ڕێکدەکەوین، بەڵام دەمانەوێت ڕێککەوتنەکە بە جۆرێک بێت کە ڕاستەوخۆ سوود بە خەڵکی ئەمریکا بگەیەنێت. ئەگەر ئەم لێکگەیشتنە سەر بگرێت، گەرووی هورمز بە ڕووی بازرگانیی جیهانیدا دەکرێتەوە و پرۆگرامی ئەتۆمی ئێرانیش بۆ ماوەیەکی زۆر و درێژخایەن دەگەڕێنینەوە دواوە."

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە لایەنی سەربازی و ژێرخانی بەرگریی ئێران لەم جەنگەدا بە قورسی لێی دراوە و لاواز کراوە، بەڵام واشنتۆن هێشتا بە تەواوی نەگەیشتووەتە ئامانجی کۆتایی خۆی لە جەنگی دژی ئێراندا، بۆیە هێزەکانیان لەسەر بنەمای پەرەسەندنەکان بڕیاری داهاتوو دەدەن.



PM:01:56:29/05/2026