لە پەرەسەندنێکی نوێی ناو کۆشکی سپیدا، درەنگانی شەوی ڕابردوو تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کە هاوکات نوێنەرایەتیی گرووپی کۆمپانیاکانی دۆناڵد ترەمپ و گارید کۆشنەری زاوای دەکرد، لە کارەکەی دوورخرایەوە، بەڵام وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت.
کۆشکی سپی هۆکاری فەرمیی ئەم گۆڕانکارییە خێرایەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە پەیوەندیی بە قۆناغی نوێی دانوستانەکانی ناوچەکەوە هەیە. تۆم باراک کە یەکێکە لە بازرگانە ناسراوەکانی ئەمریکا و نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ خێزانی ترەمپ هەیە، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەنقەرە، ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە داڕشتنەوەی هاوکێشە سەربازییەکانی باکووری سووریا.
شرۆڤەکارانی سیاسی پێیان وایە هێشتنەوەی باراک لە پۆستی باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، نیشانەی ئەوەیە کە ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە بدات، بەتایبەت لەم کاتەی کە گرژیی توند لە ناوچەی کەنداو لە نێوان واشنتۆن و تاراندا هەیە و ئەمریکا پێویستی بە هاوسەنگیی هێز هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هاوکات چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی دیپلۆماتکارێکی نوێ بۆ سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی ئاڵۆزی سووریا ڕابگەیەنێت، کە ئەرکی سەرەکیی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان دەبێت لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چاودێریکردنی جووڵەکانی ڕووسیا و ئێران لە ناوچەکەدا.