ئێران وەڵامی دەستپێشخەریەکەی ترەمپ دەداتەوە کە رایگەیاندبوو" گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لا دەباتو، ئێرانیش گەمارۆی سەر هورمز لاببات"، وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێن" چۆنیەتی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە داهاتوودا پەیوەستە بە وڵاتە کەناراوییەکانی سەر گەرووەکە کە بریتین لە عومان و ئێران".
شەوی ٢٩ ی ئایار وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند " دەبێت ڕاستگۆیی لە لادانی گەمارۆ دەریاییەکەدا ببینین؛ ئایا ڕاستەقینەیە یان تەنها لێدوانی میدیاییە". هەروەها دەشڵێن" ئەگەر ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکە لابدات، ئەوا بە واتای وەستاندنی کارێکی نایاسایی دێت کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دەستی پێکردووە".
لە درێژەی راگەیاندنەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هاتووە "ئاڵوگۆڕکردنی پەیامەکان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە هێشتا نەبووەتە کۆتایی".
هەروەها دەشڵێن " لەم قۆناغەدا سەرنجمان لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕە و لە ئێستادا تاوتوێی وردەکارییەکانی دۆسیەی ئەتۆمی ناکەین."
" ئێمە بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆمان دەجوڵێینەوە، نەک بەپێی ئەوەی ئەمریکییەکان دەیڵێن".( وەزارەتی دەرەوەی ئێران وا دەڵێن).
لە بارەی هاتوچۆوە لە گەرووی هورمز، ئێران جەختدەکاتەوە کە کەشتییە "دوژمنکارەکان" قەدەغەن لە تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز، کەشتییە بازرگانییەکانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانیان لە گەرووەکە تێپەڕیون.
ئێران جەختدەکاتەوە "هیچ لایەنێکی ڕۆژئاوایی مافی ئەوەی نییە بە زمانی فەرمان و سەپاندن (ئیملاوات) قسەمان لەگەڵ بکات."