کۆبوونەوەکەی ترەمپ دەربارەی ئێران بێ ئەنجام کۆتایی هات

کۆبوونەوەی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانیدا، کە بەپێی بەڵێنەکەی خۆی بڕیار وابوو ئەنجامی چەند هەفتە دانوستان ڕوون بکاتەوە، دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر بەبێ ڕاگەیاندنی هیچ ئەنجامێک کۆتایی هات.

بەیانی ڕۆژی شەممە، ٣٠ی ئایار، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتەوە کە ناوی نەهێنراوە، نووسیویەتی کە ترەمپ لەم کۆبوونەوەیەدا دەربارەی رێکەوتنەکەی لەگەڵ تاران بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە.

سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ڕۆژی هەینی لە ژووری بارودۆخی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارەکانی ساز دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی دەربارەی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بدات.

ترەمپ وتبووی کە ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، دەبێت چەند مەرجێک لەخۆ بگرێت وەک: پابەندبوونی ئێران بە کردنەوەی گەرووی هورمز و لەناوبردنی یەدەگی یۆرانیۆمەکەی.

بەڵام کاتژمێرێک دواتر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەم پەیامەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە ناوەرۆکی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران ڕایگەیاند، کە لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە و یەکلایی نەبووەتەوە.


 

 




AM:09:20:30/05/2026