ترەمپ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵای لوبنانی راگەیاند

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کە توانیویەتی ئاگربەستێکی دەستبەجێ لە لوبنان بچەسپێنێت و بەو پێیە ئیسرائیل بڕیاری داوە هێزەکانی بۆ ناو بەیروت نەنێرێت و حیزبوڵاش رازی بووە هەموو جۆرە هێرشێک رابگرێت.

دووشەممە ١ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی کۆماری ئەمریکا، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس" لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران ڕایگەیاند: "گفتوگۆکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە خێراییەکی زۆر بەردەوامن.

ترەمپ لە پەیامێکی دیکەی دا ئاشکرای کرد پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی "زۆر بەرهەمدار"ی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە. ترەمپ رایگەیاند: "هیچ هێزێکی سەربازی ناچێتە نێو بەیروت، و ئەو هێزانەشی کە لە رێگەدابوون، فەرمانی گەڕانەوەیان پێدراوە و گەڕێندراونەتەوە."

هاوکات لەگەڵ ئەم هەوڵە، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی چەند "نوێنەرێکی پلە باڵاوە" پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان ئەنجامداوە. بەپێی وتەی ترەمپ، حیزبوڵا رازی بووە بەوەی کە "هەموو جۆرە تەقەکردن و هێرشێک بوەستێنێت."

بەپێی ئەم تێگەیشتنە نوێیەی کە ئیدارەی ترەمپ دەستی خستووە، رێککەوتنەکە بەم شێوەیە دەبێت: "ئیسرائیل هێرش ناکاتە سەر حیزبوڵا، و ئەوانیش هیچ جۆرە هێرشێک ناکەنە سەر ئیسرائیل."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ هەڵوێستێکی توندی بەرانبەر بە پڕۆسەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران نیشاندا و ڕایگەیاند، هیچ خەمێکی نییە ئەگەر دانوستانەکان بە ئەنجام نەگەن، "بە ڕاستی بۆم گرنگ نییە ئەگەر دانوستانەکان کۆتایییان بێت، بە ڕاشکاوی دەیڵێم، من زۆر کەم بایەخی پێ دەدەم."

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری سەرچاوە ئێرانییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، "بەهۆی بەردەوامیی تاوانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و بەو پێیەی لوبنان بەشێک بووە لە مەرجەکانی پێشوەختە بۆ ئاگربەست، ئێران ئاڵوگۆڕی گفتوگۆ و نامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەوە لەگەڵ ئەمریکا رادەگرێت."




PM:09:22:01/06/2026