ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پڕ لە گرژی و قسەی تونددا، هێرشی کردووەتە سەر بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بەهۆی فراوانکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل.
بەپێی سەرچاوەکان، ترەمپ لەم پەیوەندییەدا کە بە یەکێک لە خراپترین پەیوەندییەکانی نێوانیان دادەنرێت، بە نەتەنیاهووی گوتووە "شێت" و تۆمەتباری کردووە بە بێئەمەکی، و پێی ڕاگەیاندووە'' ئەگەر من نەبوومایە ئێستا لە زینداندا دەبوویت، من تۆم ڕزگار کرد، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەم کارانەتەوە هەمووان ڕقیان لە تۆ و لە ئیسرائیلە".
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هۆکاری سەرەکیی تووڕەییەکەی ترەمپ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هێرشەکانی ئیسرائیل و پلانەکەی بۆ بۆردوومانکردنی بەیرووت، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر تێکچوونی ئەو دانوستاندنە خێرایانەی کە ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا ئەنجامیان دەدات، بەوپێیەی ئێران هەڕەشەی کشانەوەی لە دانوستاندنەکان کردبوو.
ترەمپ بە نەتەنیاهۆی ڕاگەیاندووە کە بۆردوومانکردنی پایتەختی لوبنان ئیسرائیل لە جیهاندا گۆشەگیرتر دەکات، و دژایەتی خۆی نیشانداوە کە ئیسرائیلییەکان بۆ کوشتنی تەنیا یەک فەرماندەی حیزبوڵڵا چەندین باڵەخانە وێران بکەن.
هەرچەندە نەتەنیاهۆ لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هەڵوێستی نەگۆڕە، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکی لێدووانەکانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە ترەمپ لە تەلەفۆنەکەدا قسەی خۆی بەسەر نەتەنیاهۆدا سەپاندووە و ڕازی کردووە، بە شێوەیەک کە ئێستا بەرپرسێکی ئیسرائیلی پشتڕاستی کردووەتەوە کە چیدیکە پلان گۆڕدراوە و هێرش ناکەنە سەر بەیرووت.