کەشناسی جیهانیی سەبارەت بە هاوینی ئەمساڵ هۆشداری دەدات

رێکخراوی جیهانیی کەشناسی، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئەگەری ڕوودانی دیاردەی "ئێل نینیۆ" لە نێوان مانگەکانی حوزەیران و ئابدا دەگاتە ٨٠٪، ئەمەش لەوانەیە مەترسیی دیاردە توندەکانی کەشوهەوا لە ماوەی داهاتوودا زیاتر بکات.

ئەم ڕێکخراوە کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، زیادی کرد کە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە لانی کەم تا مانگی تشرینی دووەم، نزیک دەبێتەوە لە ٩٠٪ یان زیاتریش دەبێت، و پێشبینی دیاردەیەکی مامناوەند یان بەهێز دەکات.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، بەرزبوونەوەی نائاسایی پلەکانی گەرمای ئاوی زەریای هێمن، بارودۆخێکی گونجاو بۆ دروستبوونی دیاردەی ئێل نینیۆ دەڕەخسێنێت، کە پێشبینی دەکرێت کاریگەری لەسەر شێوازی پلەکانی گەرما و بارانبارین لەسەر ئاستی جیهان هەبێت.

دیاردەی "ئێل نینیۆ" بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای سەر ڕووی ئاو لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوچەی کەمەریی زەریای هێمن دەناسرێتەوە. ئەم دیاردەیە بەزۆری هه‌ر دوو بۆ حەوت ساڵ جارێک ڕوودەدات و لە نۆ بۆ دوازدە مانگ بەردەوام دەبێت.

دوایین دیاردەی "ئێل نینیۆ" لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤دا، ئەو دوو ساڵەی کردە گەرمترین ساڵ لە مێژوودا. ئەم دیاردە خولییە بە شێوەیەکی زنجیرەیی بۆ ماوەی چەندین مانگ کاریگەری لەسەر کەشوهەوای جیهان دادەنێت.

بەپێی دەستەی کەشناسیی فەرەنسا، دیاردەی "ئێل نینیۆ" و قۆناغە پێچەوانەکەی کە بە "لا نینیا"دەناسرێت، دوو ناون بۆ گۆڕانکارییەکی سروشتی لە کەشوهەوادا کە دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پلەی گەرمای ئاوی ناوچەی کەمەریی زەریای هێمن و گۆڕان لە خولی بەرگەهەوای جیهاندا، و دەکرێت ببێتە هۆی ڕوودانی هەندێک ڕووداوی توندوتیژی کەشوهەوا لە ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەکاندا.


 




PM:11:22:02/06/2026