فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی بەرگریی بەحرەین لەبارەی هێرشەکانی
ئێران راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان
توانیویەتی سێ موشەک و چەند درۆنێک تێکبشکێنێت کە ئاڕاستەی پێگەی مەدەنی کرابوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە، ئێران بەردەوامە لەسەر
دوژمنکارییەکانی خۆی لە رێگەی هێرشی موشەکی و درۆنەوە بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکانی
شانشینی بەحرەین، هاوکات ئەوەش خراوەتەڕوو، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە ئەو
هێرشانە پووچەڵ بکەنەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا، داوا لە سەرجەم هاوڵاتیان
و نیشتەجێبووانی بەحرەین کراوە بەوپەڕی هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن، هۆشداری دراوە، لەوەی
بە هیچ شێوەیەک لەو تەنە نامۆ و گوماناویانە نزیک نەبنەوە کە لە پاشماوەی هێرشەکانی
ئێرانەوە بەجێماون و داوا کراوە لە کاتی بینینی هەر تەنێکی لەو شێوەیەدا دەستبەجێ
لایەنە پێوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
فەرماندەیی گشتیی بەحرەین جەختی لەوە کردووەتەوە، بەئامانجگرتنی
ناوچە مەدەنییەکان و موڵکوماڵی تایبەتی هاووڵاتیان، "پێشێلکارییەکی زەق و
ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتیی مرۆییە"، هاوکات ستایشی ئەندازیارانی سەربازیی
شاهانەی کردووە بۆ مامەڵەکردنی سەلامەت لەگەڵ پاشماوەی تەقەمەنییەکان بە مەبەستی
پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.