ترەمپ: موجتەبا خامنەیی بەشدارە لە گفتوگۆکان و ئەگەری بینینمان هەیە

 سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا ئاشکرای کرد کە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری ئێران، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پڕۆسەی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن بەشدارە.

دۆناڵد ترەمپ، لە میانی پۆدکاستێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران "بە خێرایی بەرەو باشتربوون دەچن" و ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا چاوی بە ڕێبەری ئێران بکەوێت.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ئەوەی چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، و ڕایگەیاند کە لە ئێستادا وڵاتەکەی پێویستی بە هیچ جۆرە دەستوەردانێکی سەربازیی وشکانی لە ناو خاکی ئێراندا نییە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان کرد و نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی ئەو شەڕە نیشاندا.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە پەیوەندییە تەلەفۆنییە توندەکەی نێوان ئەو و بنیامین نەتەنیاهۆ دەکەن، ترامپ پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندییەکە ڕوویداوە و گوتی'' من تەنها کەمێک بێزار بووم لە ململانێ بەردەوامەکانی نەتەنیاهوو لەگەڵ لوبنان"، بەڵام لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە پەیوەندییە شەخسییەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلدا وەک خۆی بە باشی ماونەتەوە.



PM:02:11:03/06/2026